Skip to the content
Menu

پەیامی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان کە پێویستە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکرێت. ئەم ڕۆژە جیهانییە هێمایەکە بۆ بنیاتنانی جیهانێکی بێ تووندوتیژی کە تیایدا کەرامەتی هەموو مرۆڤێك پارێزراو بێت.
‎لەم بۆنە گرنگەدا، پەرلەمانی کوردستان بەڵێنی خۆی بەرامبەر بە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە بەردەوام دەبێت لە چاودێری و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان بە مەبەستی پاراستن و بەدیهێنانی مافەکانی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژ بە کچان و ئافرەتان.
‎لە هەمان کاتدا، لە ڕێگەی پرۆسەی یاسادانانەوە، هەرکات پێویستی بە دەرکردنی یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکان بۆ زیاتر پاراستنی مافەکانی ئافرەتان هەبێت، ئەوا پەرلەمان بە جددییەوە تاووتوێی ئەم بابەتە دەکات و هەوڵی پێویست بۆ دانانی یاساییەکی گونجاو دەدات.
‎لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە پرسی بەرەنگاربوونەوە و قەدەغەکردنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەمان کاتدا کە ئەرکێکی گشتگیرە، هاوکات بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و دامەزراوەییە، بۆیە پێویستە هەموومان پێکەوە هەنگاو بنێین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسان وبێ توندوتیژی.
‎
‎سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
‎
‎٢٠٢٦/١١/٢٥