تەواوکاری دانیشتنی یەکەمی کراوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگ هەڵبژێردران
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤/١١/٢٠٢٦ بهسهرپهرشتیی هیوا نەسرەددین جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی تەواوکاری (یهكهم)ى خولی پایزهى ساڵی یهكهم له خولی ههڵبژاردنی شهشهمی پهرلهمانى كوردستان بهڕێوهچوو، و داوای لە سەمیرە حەسەن حەمید وەکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار دانیشتنەکە کرد وەکو سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان دەست بەکاربێت.
پاشان سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ناوی سەرجەم ئەو کاندیدانەی خوێندەوە کە بە دەنگدان خۆیان پاڵاوتبوو بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و هاوکات دەرگای خۆ پاڵاوتنی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە کردەوە کە ئارەزووی خۆپاڵاوتنیان هەیە بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.
پاشان دەرگای دەنگدان بۆ د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم کە لە ڕێکەوتی ٢/١٢/٢٠٢٤ خۆی کاندید کردبوو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە، و لە تەواوکاری دانیشتنەکەشدا پاش کشانەوەی بەربژیرانی دیکەی دەستەی سەرۆکایەتی هەر یەکە لە ڕامی نووری عەودیش بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان خۆیان بەربژێر کرد، هاوکات لەلایەن سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەرگای دەنگدان کرایەوە و هەر یەک لە ئەندامانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیان هەڵبژارد، و هەر یەک لە د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ڕامی نووری عەودیش بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی بۆ سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە کۆی ٥٢ دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی کرانەوە.
پاشان لەلایەن سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستان کرا بێنە شوێنەکانی خۆیان. دواتر د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم سەرۆکی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و داواشی لە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان کرد بگەڕێنەوە پەرلەمانی کوردستان، هاوکات ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانیشی ڕاسپارد تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بە دروستکردنی لێژنەی یاسایی و سەرجەم لێژنەکانی تری پەرلەمانی کوردستان.
دەقی وتارەکەی د. ڤاڵا فەرید سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان
بەناوی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان سوپاستان دەکەین بۆ متمانە پێدانمان، سوپاسی بەڕێز سەرۆکی تەمەن دەکەین بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دانیشتنی (یەکەم) و دڵنیاتان دەکەین، وەکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەشێوەیەکی بێلایانە و بەرپرسانە کاری پەرلەمانی ئەنجام بدەین هەر لێرەوە داوا لە فراکسیۆنەکان دەکەین بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان و بەشداربن لە دانیشتن و بەجێگەیاندنی ئەرکی پەرلەمانی خۆیان وە هەروەها داواکارین لە فراکسیۆنەکان بەزووترین کات نوێنەرانی خۆیان بۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان بکەن، بەتایبەتی لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات بەبێ لیژنەی کاروباری یاسایی، بۆیە داواتان لێ دەکەین تا رۆژی دوو شەممە نوێنەرەکانی خۆتان بۆ لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان بکەن و بەرزی بکەنەوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بە زووترین کات لیژنەی یاسایی دروست بکەین و دواتر هەموو لیژنەکانی تریش دروست دەکەین، ئەو کاتەی کە لەدەست چووە قەرەبووی بکەینەوە، هەروەها پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکات بەشێوەیەک کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستان بێت بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیەوە، بەم شێوەیە دانیشتنی ئەمڕۆمان کۆتایی پێ دەهێنین، زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز.