پەرلەمانی کوردستان یادی ڕۆژی زمان و کولتووری تورکمان بەرز ڕادەگرێت
بەبۆنەی ڕۆژی زمان و کولتووری پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشک و برایانی پێکهاتەی تورکمان دەکەین.
خوشک و برایانی تورکمان پێکهاتەی ڕەسەنی کوردستانن، بە درێژایی مێژوو ڕۆڵێکی بەرچاویان لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ، ئەدەب و هونەری ئەم نیشتمانەدا هەبووە و هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو بوون لە خەبات و بونیادنانەوەی کوردستاندا. پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانیدا، بە بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ ڕۆژی ١٧/١١ هەموو ساڵێک ئەم یادە بەرز رادەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان بڕوای تەواومان بەوە هەیە فرەزمانی و فرەکولتووری سەرچاوەی هێز و جوانیی هەرێمی کوردستانە و بنەمای سەرەکیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی زیاتری قەوارە و دامەزراوە نیشتمانییەکانمانە. لەم یادە پیرۆزەدا، جارێکی دیکە جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی، پاراستنی ناسنامە و مافەکانی پێکهاتەی تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە دەکەینەوە، هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاتر بۆ زمان و کولتووری ئەو پێکهاتەیەی هەرێمی کوردستان دەخوازین.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان - عێراق
٢٠٢٦/١١/١٧